لە کابینەی 9یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەشێکی زۆری ڕێگەوبانی گوندەکانی سلێمانی نۆژەن کراونەتەوە و چەندان پڕۆژەی ستراتیژیی نوێش لە بواری ڕێگەوباندا ئامادە دەکرێن تا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە کابینەی 9یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە گوژمەی 18 ملیار دینار، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی 30 گوند و چاککردنەوەی 40 ڕێگەی دیکە دەستی پێ کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
محەممەد جەلیل ڕوونی کردەوە، تەنیا لەم مانگە (ئەیلوول)دا، ڕێگەی 6 گوند لە سلێمانی قیرتاو کراوە و ئاوەڕۆ و ئاوبەری سندووقی بۆ دەیان ڕێگەی دیکە دروست کراوە؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کابینەی 9یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تەواوی بە ڕێگەوبانی گوندەکان داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا کە لەسەر ئاستی هەر 7 بەڕێوەبەرایەتییەکەی پارێزگای سلێمانیدا پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێت، هەروەها لەئێستادا 3 پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەكان، ڕێگەی گوندەکانی شارباژێڕ و دۆڵی جافایەتی ئامادەکاریی قیرتاوکردنیان بۆ کراوە و چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەن بۆ دەستپێکردنی کارەکان، هاوکات نووسراوی پێویست بۆ ڕێگەی نێوان پێنجوێن و کەوڵۆسیش ئامادە کراوە و بڕیارە ڕێگەی نێوان سلێمانی و قەرەداخیش بەم نزیکانە بکرێتە ڕێگەیەکی دووساید.