بەرگریی شارستانیی سعودیە هەڵگرتنی باری نائاسایی لە 6 شاری سەرەکیی وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی مەترسیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکان بۆ سەر بەندەری نەوتی یەنبەع و ناوەندە مەدەنییەکان کەم بووەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرگریی شارستانیی سعودیەوە بڵاوی کردەوە، كه دۆخی ئاسایی بۆ شارەکانی جەددە، ئەبها، جازان، عولا، تائیف و بەندەری نەوتیی یەنبەع گەڕاوەتەوە، دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە کە بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە لێ درابوو، ڕاگیرا.
بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور بە یەکێک لە دەروازە ستراتیژییەکانی هەناردەی نەوتی سعودیە دادەنرێت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هاوپەیمانیی عەرەبی ئاشکرای کردووه لە هێرشەکانی سەر شارەکانی خەمیس موشەیت، ئەبها و تائیفدا، 13 هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون و زیان بە 7 خانوو و 2 ئۆتۆمبێل گەیشتووە. لەبەرامبەردا، لیوا ڕوکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند هێزەکانیان بەتوندی وەڵامی ئەم دەستدرێژییانە دەدەنەوە.
هاوکات گرووپی حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 54 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانیان لە پارێزگاکانی تەعیز، لەحج، جەوف، مەئریب و حەججەدا ئەنجام داوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە پێکدادانەکانی هێڵی پێشەوەدا 8 سەربازی سوپای یەمەن کوژران.
پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکان لە دەریای سوور و هەڕەشە بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و ناوچەکەدا، بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە بازاڕەکانی وزە و ناسەقامگیری لە نرخی نەوتدا، لەکاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی و ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕەکە بەردەوامن.