عومرەکارێکی کوردی خەڵکی شاری کەلار لە وڵاتی سعودیە و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان کۆچی دواییی کرد.

 

ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە شەوی 14 لەسەر 15ی ئەیلوولی 2026، عومرەکارێکی کورد بە ناوی محه‌ممه‌د حەسەن لە تەمەنی سەرووی 65 ساڵیدا لە سعودیە کۆچی دواییی کردووە.

 

ناوبراو دوای بەجێگەیاندنی سوننەتی عومرە، لەسەر ڕێگەی نێوان شاری مەدینە بۆ دەروازەی سنووریی عەرعەر گیانی لەدەست داوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاریی کەسوکارەکەی کە لە گەشتەکەدا لەگەڵیدا بوون، تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە شاری کەلار بە خاک دەسپێردرێت.

 

بەرپرسی نووسینگەی حەج و عومرەی گەرمیان بە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پێشوازی لە تەرمەکە دەکات بۆ تەواوکردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو کرد و ڕایگەیاند کە هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکە گرتووەتە بەر.

 

بە گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە، ژمارەی ئەو عومرەکارە کوردانەی لە وەرزی عومرەی ساڵی 2026دا لە وڵاتی سعودیە کۆچی دوایییان کردووە، گەیشتە دوو کەس.