بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هاتووچۆی کەشتی لە گەرووی هورمزدا کەمی کردووە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هاتوچۆی کەشتی لە گەرووی هورمزدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕتر بوونەوە.

 

داتاکان ئەوەش دەردەخەن، ڕۆژی دووشەممە تەنیا 4 کەشتی لە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لەکاتێکدا ڕۆژێک پێشتر 10 کەشتی تێپەڕیبوون، بەڵام ئەم ژمارەیە ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە ڕەنگە بە گەرووەکەدا تێپەڕیبێتن و سیستەمی ناسینەوەیان کوژاندبێتەوە تا دەستنیشان نەکرێن.

 

هاوکات داتاکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە لە گەرووی بابولمەندەبدا، لە ڕۆژی دووشەممەدا 21 کەشتیی کاڵا تێپەڕیوە، لەکاتێکدا ڕۆژێک پێشتر 28 کەشتی تێپەڕیبوو.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە پێش دەستپێکردنی شەڕ لە 28ی شوباتدا، ڕۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ نزیکەی 125 کەشتیی گەورە و بازرگانیدا لە گەرووی هورمزدا دەکرا، کە نزیکەی 20%ی دابینکردنی ڕۆژانەی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلی لە جیهاندا پێک دەهێنا.