بۆیەکەمجار لە مێژوودا ئەمریکا چەکی لە بۆشایی ئاسمان جێگیر کرد و ڕکابەری چین و ڕووسیا دەکات.
ترۆی مینک، وەزیری هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی هێزی ئاسمانی، بۆشایی و سایبەر ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆ پەرەسەندنی هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر وڵاتەکەیان ئامادەیە و چەکیان لە بۆشایی ئاسمان جێگیرکردووە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی وڵاتەکە لە هێرشی دوژمنان، بەڵام ئاماژەی جۆری چەکەکە و وادەی دانانی لە بۆشایی ئاسمان نەدا.
پێشووتر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاماژەیان بە پەرەپێدانی چەک لە بۆشایی ئاسمان دابوو، وەک وەڵامێک لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی چین و ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا لە داهاتوو.
کابینەی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکی بۆشایی ئاسمان و سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەشێکە لە پلانی سیستەمی بەرگری "گومەزی زێڕین". ئامانجی سیستەمەکە بۆ پاراستنی ئەمریکایە لە مووشەک و هەڕەشەکانی دیکەی ئاسمانی.
ئەمە لەکاتێکدایە، 'ڕێککەوتنی بۆشایی ئاسمان 1967' وڵاتان لە جێگریکردنی چەکی کۆمەڵکوژی لە بۆشایی ئاسمان قەدەغە دەکات، لەوکاتەوە وڵاتانی زلهێز وەک ئەمریکا، چین و ڕووسیا هەستاون بە پەرەپێدانی چەکی دیکە کە لە ڕێککەوتنەکە ئاماژەی پێنەدراوە، وەک ئەو تەکنەلۆژیایانەی تایبەتە بە بەئامانجگرتنی مانگی دەستکردی دوژمنان، کە بۆ پەیوەندی سەربازی، چاودێری و ڕێنوێنی بەکار دێن.
ساڵی ڕابردوو ترەمپ فەرمانێکی بۆ جەختکردنەوە لە ڕۆڵی هێزی بۆشایی ئاسمان دەرکرد، بەگوێرەی فەرمانەکە، ڕۆڵی هێزەکە تەنیا بۆ بەرگریکردن نییە بەڵکو بۆ هێرشکردنیشە. هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بۆیەکەمجار لە ساڵی 2019 پەرەیپێدرا و نوێترین لقی هێزی سەربازی ئەمریکایە کە لە 70 ساڵی ڕابردوودا پێکهێندراوە، ئامانجییان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە بۆشایی ئاسمان کە لە سەدان مانگی دەستکردی پەیوەندی و چاودێری پێکدێت.
لە سەرەتای مانگی 2ـی ئەمساڵ ئاشکرابوو کە دوو مانگی دەستکردی ڕووسی لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە لە 2022، پەیوەندی زیاتر لە 10 مانگی دەستکردی وڵاتانی ئەوروپایان پچڕاندووە. دەکرا ئەم هێرشە بۆشایی ئاسمانییانە ڕێگەی بە هەواڵگری ڕووسیا دابا دەستی بە داتای گرینگ گەیشتبا و تەنانەت بیانتوانیبا کۆنترۆڵی مانگی دەستکردی دوژمنیش بکەن. لە 2024ـیش ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕووسیا مانگێکی دەستکردی خستووەتە بۆشایی ئاسمان، کە پێیان وایە بتوانێت هێرش بکاتە سەر مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا، ڕووسیا لەمبارەیەوە هیچ لێدوانێکی بۆ ڕای گشتی نەخستووەتە ڕوو.
هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی چین پەرە بە تەکنەلۆژیای چەکی بۆشایی و ئاسمان و دژە بۆشایی ئاسمان دەدات، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە ڕووسیا بۆشایی ئاسمان بە مەیدانی جەنگ لە قەڵەم دەدات و پێی وایە زاڵبوونی هێز لە بۆشایی ئاسمان دەبێتە فاکتەرێکی گرینگی جەنگ لە داهاتوودا.