ململانێ لەسەر خێراییی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و هۆشدارییەکان لەبارەی مەترسییەکانی لەدەستدەرچوونی کۆنترۆڵ، کۆدەنگییەکی سەرەتایی لەنێوان بەرپرسانی باڵای تەکنەلۆجیادا دروست کردووە.

 

ئەمڕۆ پێگەی بزنس ئینسایدەر ڕایگەیاند، سەرکردەی تاقیگە سەرەکییەکانی ژیریی دەستکرد دوای هۆشدارییەکانی یاکۆب کوکسۆن، ئەندازیاری پێشووی کۆمپانیای ئانسرۆپیک لەبارەی مەترسیی کارەساتی گەورە، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر هێواشکردنەوەی هەنگاوەکانی ئەم تەکنەلۆجیایە بەمەبەستی پاراستنی مرۆڤایەتی.

 

لەبەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتوندی هێرشی کردە سەر داریۆ ئامۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئانسرۆپیک و پێداگریی کرد کە کۆنترۆڵکردنی ئەم بوارە تەنیا پێویستی بە سەرۆکێکی بەهێز و زیرەکە، نەک سەپاندنی سنوورداری و ڕێسای نوێ بەسەر کەرتی تەکنەلۆجیادا.

 

بەشێک لە پسپۆڕانی ئابووری لە کەناڵی سی ئێن بی سی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هۆشدارییانەی سەرکردەکانی تەکنەلۆجیا بێپاڵنەری سیاسی و بازرگانی نین و ڕەنگە بیانوویەک بن بۆ هاندانی حکومەت بەرەو دەرکردنی یاسای توند، تا ڕێگری لە کۆمپانیا ڕکابەرەکان بکرێت و پێگەی پێشەنگەکان پارێزراو بێت.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، بازاڕە داراییەکان بەهۆی نادڵنیایی لەبارەی چارەنووسی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد تووشی نیگەرانی بوون، وەبەرهێنەرانیش لە زیانگەیشتن بە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەترسن؛ دوای ئەم ئاڵۆزییانەش، بەشێوەیەکی بەرچاو پشکی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد دابەزیوە.

 

شارەزایانی بوارەکە توانای مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد بە (چەکی ئەتۆمیی ئەم سەدەیە) ناوزەند دەکەن و چارەسەری کێشەکەش لە ئەزموونی جەنگی سارددا دەبیننەوە. لەو سۆنگەیەوە، پێویستە واشنتن و پەکین هاوشانی بەردەوامیی پێشبڕکێکەیان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و هێڵی سوور لەبارەی سنوورداریی مۆدێلەکان دیاری بکەن، تا ڕێگری لە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنیی سەربەخۆ یان بەکارهێنانی لە پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجیدا بگیرێت.

 

مشتومڕی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد لە ئاداری 2023دا بە نامەیەکی کراوەی زیاتر لە 1000 شارەزا بۆ ڕاگرتنی ڕاهێنانی مۆدێلە پێشکەوتووەکان دەستی پێ کرد، هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2024دا جیفری هینتۆن، ناسراو بە باوکی ڕۆحیی ژیریی دەستکرد، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا هۆشداری لە دەرچوونی سیستەمە زیرەکەکان لە کۆنترۆڵی مرۆڤ دا.

 

ژیریی دەستکرد بیرۆکەیەکی نوێ نییە و بنەماکانی دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1950، کاتێک زانایانی کۆمپیوتەر و بیرکاری دەستیان بە توێژینەوە لەسەر دروستکردنی ئامێرە هۆشمەندەکان کرد. لە ساڵی 1956دا لە کۆنفرانسی دارتمۆس لە ئەمریکا، زاراوەی (ژیریی دەستکرد) بەفەرمی بەکار هات و ئەو ڕووداوەش بە دەستپێکی ئەم بوارە دادەنرێت. لەو سەردەمەوە توێژینەوەکان بەردەوام بوون، بەڵام پێشکەوتنەکان هێواش بوون تا ئەوکاتەی توانای کۆمپیوتەر و بڕی داتاکان زیاتر بوون.

 

پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد لە دەیەی دواییدا بەشێوەیەکی خێرا ڕووی دا، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2010ەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەو خێرایییەش بریتی بوو لە زیادبوونی داتا، بەهێزبوونی چیپ و پڕۆسێسەرەکان و پێشکەوتنی شێوازە نوێکانی فێربوونی قووڵ؛ هەروەها بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر لە زانیاری، یارمەتیدەر بوو تا سیستەمەکان بتوانن باشتر فێر ببن و ئەنجامی وردتر بدەن.

 

ئەمڕۆ ژیریی دەستکرد کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جیهان هەیە و لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی، بانکداری و میدیادا بەکار دێت. هەروەها توانای زیادکردنی بەرهەمهێنان و خێراکردنی کارەکانی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا مشتومڕێکی زۆری لەسەر کاریگەرییەکانی بۆ بازاڕی کار، پاراستنی زانیاریی کەسی و ڕێساکانی بەکارهێنان دروست کردووە؛ هاوکات زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ژیریی دەستکرد لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی گۆڕانکاری لە ئابووری و تەکنەلۆجیای جیهاندا.