لێژنه‌ هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە هاوردەکردن و فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخشی 4Uیان لە سەرانسەری سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین قەدەغە کرد و هۆشداریی توندیان دایە بازاڕ و فرۆشگاکان.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە بڵاوی کردەوە، بڕیارەکە دوای بەدواداچوون بۆ ئەم جۆرە خواردنەوەیە دراوە کە بەهۆی دانانی خەڵات و دیاری تێیدا خواستێکی زۆری منداڵان و مێردمنداڵانی لەسەر بووە، لە کاتێکدا پێکهاتەکەی لە شەکر، ڕەنگ و کافایین پێکهاتووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەرچەندە لەسەر لەیبڵی خواردنەوەکە نووسراوە بۆ خوار 16 ساڵ ڕێگەپێدراو نییە بەڵام لە فرۆشگاکاندا ڕەچاو نەکراوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانی ڕاپەڕین ئاگادار کراوەتەوە کە ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی هەر بارهەڵگرێک بکەن کە ئەو خواردنەوەیە بگوازێتەوە.

 

قایمقامیەتی ڕانیە هۆشداری داوە کە هەر فرۆشگایەک خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان بفرۆشێت شوێنکارەکەی دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

 

هەروەها ڕێکلامکردن بۆ سەرجەم خواردنەوە وزەبەخشەکان قەدەغە کرا و ڕاگەیەندرا کە هاوشێوەی جگەرە، ڤەیپ و خواردنەوە کحولییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا.