سعودیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکانی یەمەن هانای بۆ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئیسرائیلیش بردووە، لە کاتێکدایە تا ئێستا دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی کردبووە مەرجی سەرەکی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کرد، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای هاوکاری لە حکومەتەکانی وڵاتانی دراوسێ کردووە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش، داوای لە ئیسرائیل کردووە لە دژی حوسییەکانی یەمەن پاڵپشتییان بکات.
بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، داوایەکەی سعودیە لە ڕێگەی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا (سینتکۆم) بە ئیسرائیل گەیەندراوە، تێیدا داوای هاوکاری هەواڵگری و هاوکاری دیکەی کردووە، بەمەش تا ڕێگری لە حوسییەکانی یەمەن بگرن لە هەوڵەکانیان بۆ دەست بەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب.
ئەم داواکارییەی سعودیە ئاماژە بە گۆڕانکارییەی گەورە لە سیاسەتی وڵاتەکە دەکات، چونکە بۆ چەندین ساڵە سعودیە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی و کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی ناوچە عەرەب نشینەکانی فەڵەستین لەلایەن جووەکان کردووە بە مەرجی سەرەکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داواکاری محەممەد بن سەلمانی بۆ 'بۆردوومانکردنی راستەوخۆ'ـی حوسییەکانی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ڕەزامەندی لەسەر پێدانی زانیاری هەواڵگری داوە. هەر بۆ تاوتوێکردنی پرسی حووسییەکان لەگەڵ حکومەتی یەمەن و محەممەد بن سەلمان، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سینتکۆم) سەردانی سعودییەی کرد.
دوای چەندین هێرشی بەردەوام بۆ ماوەی یەک هەفتە، حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی هەینی ڕابردوو توانیان کەناراوەکانی یەمەن لەسەر دەریای سوور کۆنتڕۆڵ بکەن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گەرووی بابولمەندەب دا بسەپێنن.
گرینگی ئەم گەرووە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جێگرەوەیەکی گرینگی گەرووی هورمزە بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە، شازادەی سعودیەش هۆشداری لە زیانە ئابوورییە جیهانییەکان بەهۆی مەترسیی داخستنی ئەو گەرووە ئاوییە داوە، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی نەوت بۆ ئەوروپا و رۆژهەڵات هەیە.