لە یەکێک لە کارگەکانی پارێزگای بەسرە بەهۆی دزەکردنی گازی ئامۆنیاوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 114 کەسیش بریندار بوون.

 

ئەمڕۆ سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرجەم بریندارەکان چارەسەری پێویستیی پزیشکییان وەرگرتووە و زیاتر لە 50 ئەمبووڵانسیش ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "تەنیا 21 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە کە 12یان لە نەخۆشخانەی زوبێر، 2یان لە نەخۆشخانەی سەیاب و 7یان لە نەخۆشخانەی کوێتین، ڕەوشی تەندروستیی سەرجەم بریندارەکانیش جێگیرە."

 

ڕووداوەکە لە کارگەی بەرهەمهێنانی پەینی باشوور لە ناوچەی خوڕی زوبێر لە باشووری ڕۆژئاوای شاری بەسرە ڕووی داوە کە بەهۆیەوە دەیان کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون.