وەزارەتی دارایی و ئابووری گەیشتنی زیاتر لە 831 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەغدا زیاتر لە 126 ملیار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچەکە بڕیوە.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی داراییی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیشی نەناردووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی نەختینە لە بانکی ناوەندی، دەستبەجێ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دابەشکردنی دەست پێدەکات.