هیچ زیانێکی گیانی لە هێرشە پێنج مووشەکییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان تۆمار نەکراوە ئاسایش داوا دەکات کەس لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان نزیک نەبێتەوە.

 

ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، لە کاتژمێر 3:10ی بەرەبەیاندا لە ڕێگەی پێنج مووشەکەوە هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی و ورده‌كارییه‌كه‌یشی ئاشكرا كرد.

 

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج مووشەک ئاراستەی سێ ناوچەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کراون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، سێ لە مووشەکەکان ئاراستەی ناوچەی زڕگوێزەڵە کراون، مووشەکێکیان لە نزیک گوندی گورگەچیای سەر بە ناحیەی سیروان کەوتووەتە خوارەوە، مووشەکێکی دیکەش لە نێوان گوندەکانی داری زایین و میراسی خواروو لە قەرەداغ کەوتووەتە خوارەوە.

 

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە پێناو پاراستنی سەلامەتییان لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان دوور بکەونەوە و دەستکاریی پارچە و پاشماوەکانی مووشەک و درۆن نەکەن.