وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامادەباشیی هێزەکانی بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن بەرز کردەوە و پلانێکی گشتگیری ئەمنی و هاتووچۆی لە دەوروبەری قوتابخانەکان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ئاستی ئامادەباشیی هێزەکان بەرز کراوەتەوە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ قوتابییان و مامۆستایان.
بە گوتەی لیوا میقداد میری، پلانەکە بڵاوکردنەوەی هەزاران مەفرەزەی ئەمنی و پۆلیسی هاتووچۆ لە دەوروبەری قوتابخانە، زانکۆ و لەسەر چوارڕیانە سەرەکییەکان لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لە کاتەکانی دەوام و هاتنەدەرەوەی قوتابیاندا.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانیان بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ جەنجاڵیی شەقامەکان و وەستانی هەڕەمەکیی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێک دەکەن کە ئارامیی ناوەندەکانی خوێندن تێک بدات.
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە کە پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و ئاسانکاری بۆ گەیشتنیان بە ناوەندەکانی خوێندن، کاری لەپێشینەی سەرجەم پێکهاتەکانی وەزارەتەکەیە لە سەرانسەری عێراقدا.