دەسەڵاتدارانی لیبیا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی هۆشبەری جۆری 'ئێکستاسی'دا گرت، کە لەسەر شێوەی دەموچاوی موعەممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە دروست کرابوون.
ئەمڕۆ دەزگای ڕێگری لە تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو لە لیبیا ڕایگەیاند، لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگریی وردەوە توانیویانە تۆڕێکی تاوانکاری دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی گواستنەوەی نزیکەی 100 هەزار حەبی هۆشبەر بوون لە دەروازە دەریایییەکانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ڕێگری لە تیرۆر و تاوانی ڕێکخراوی لیبیا، تیمە ئەمنییەکان چاودێریی بارەکەیان کردووە تا گەیشتووەتە یەکێک لە بەندەرە دەریایییەکان، پاشان لە کاتی پشکنیندا دەستیان بەسەر ئەو حەبە قاوەیییانەدا گرتووە کە نەخشی دەموچاو و پۆشاکی موعەممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیایان لەسەر هەڵکۆڵراوە.
دەزگا ئەمنییەکە ڕوونی کردەوە، حەبەکان بە شێوازێکی تۆکمە لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری 'ڕێنۆ ماستەر'دا شاردرابوونەوە. سەرجەم تۆمەتبارانیش بە مەبەستی ڕێکاری یاسایی ڕەوانەی داواکاریی گشتی کراون. لایەنە پێوەندیدارەکانی لیبیا تا ئێستا ناوی ئەو وڵاتە ئەورووپییەیان ئاشکرا نەکردووە کە بارەکەی لێوە هاتووە، هاوکات ناوی ئەو بەندەرە دەریایییەش بڵاو نەکراوەتەوە کە بارەکەی پێدا تێپەڕیوە.
ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان، هۆشداریی لە ناسەقامگیری و دابەشبوونی لیبیا لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی قەزافی لە ساڵی 2011دا داوە. نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتەکەیان بە ناوەندێکی سەرەکیی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرە دروستکراوەکان بەرەو بازاڕە ناوخۆیییەکان و وڵاتانی باکووری ئەفریقا ناوزەند کردووە.
موعەممەر قەزافی لە ساڵی 1969دا بە کودەتایەک دەسەڵاتی لیبیای گرتە دەست و بۆ ماوەی 42 ساڵ حوکمی وڵاتەکەی کرد. ناوبراو لە ساڵی 2011دا، لە کاتی شۆڕشی لیبیا و دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی، لە نزیک شاری سرت کوژرا و کۆتایی بە یەکێک لە درێژترین سەردەمەکانی حوکمڕانی لە جیهانی عەرەبدا هات.