دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکای دەرکرد، لەپێناو ڕێگری لە دەستکاریکردنی یاساکانی دەنگدان بە شێوازی پۆستی پێش هەڵبژاردنەکان.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) ڕایگەیاند، کارڵ نیکۆڵس، دادوەری فیدراڵی لە واشنتوون بڕیارێکی بەپەلەی دەرکردووە و تێیدا جێبەجێکردنی ڕێنمایییە نوێیەکانی دەستەی پۆستەی ئەمریکای ڕاگرتووە، دادوەر ڕوونی کردووەتەوە، جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە مەترسییەکی گەورە لەسەر فەوتانی دەنگی بەشێکی زۆری دەنگدەران دروست دەکات.
بەرژەوەندیی گشتیش ئەوە دەخوازێت مافی دەنگدانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و تەواوی دەنگەکان لە وادەی خۆیاندا بژمێردرێن. ڕێسا نوێیەکانی حکومەت دەستەی پۆستە پابەند دەکەن بە پەسەندکردنی بەرگی دەنگدانەکان و تۆمارکردنی زانیاریی دەنگدەران لە دەروازەیەکی ئەلیکترۆنیدا پێش ناردنیان.
بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردن لە ویلایەتە جیاوازەکان و سەندیکای کارمەندانی پۆستە هۆشداری دەدەن جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە لەم کاتە کەمەدا مەحاڵە، هاوکات مەترسیی بێبەشبوونی ملیۆنان هاووڵاتی لە مافی دەنگدان دروست دەکات، چونکە دەروازە ئەلیکترۆنییەکە هێشتا ئامادە نییە بۆ کارکردن.
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2020ـەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر دەنگدانی پۆستی و بە سەرچاوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەزانێت، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ خۆی لە ڕابردوودا ئەو شێوازەی بەکارهێناوە، بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی فەرمانی سەرۆکایەتییەوە ڕێساکانی دەنگدان بگۆڕێت.