وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات، سی دیی زانیاریی میلاکی فەرمانبەرانیان بە زمانی عەرەبی ڕەوانە بکەن.
لە نووسراوێکدا بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو ئاگادارکراونەتەوە، کە کارپێکردن بەم سیستەمە نوێیە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئاگادارییەکەی وەزارەتی دارایی، پرۆسەی کۆکردنەوەی داتاکان سێ شێوازی سەرەکیی ڕاژە دەگرێتەوە، کە بریتیین لە فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی، فەرمانبەرانی گرێبەست و هەروەها هەڵگرانی کرێی ڕۆژانە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرجەم وەزارەت و دەستەکان پێویستە زانیارییەکان و ناونیشانی وەزیفی بە زمانی عەرەبی ئامادە بکەن و لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە نێو یەک سی دیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوودجە ڕەوانە بکەن.
وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە، زانیارییەکان دەبێت بە ڕاست و دروستی و لەسەر بنەمای میلاکی مانگی 6ی ساڵی 2026 تۆمار بکرێن.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی وادەی 15 ڕۆژی لە ڕێککەوتی دەرچوونی نووسراوەکەی دیاریکردووە بۆ ڕادەستکردنی تەواوی سی دییەکان و ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەکە بەپەلەیە و هەر دواکەوتنێک بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئیداریی لێدەکەوێتەوە.