بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سیستەمی وزەی خۆر لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و کۆی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە زیاتر لە 106 مێگاوات.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری نوێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا 4840 سیستەمی سۆلەر لە سنوورەکە دانراون.
بەپێی ئامارەکان، کەرتی ماڵان بە 3953 هاوبەش و بەرهەمهێنانی 35479 کیلۆوات لە پلەی یەکەمی ژمارەی دانانی سیستەمەکاندایە. هاوکات کەرتی پیشەسازی سەرەڕای کەمیی ژمارەی هاوبەشەکانی کە 15 هاوبەشە، بەڵام زۆرترین بڕی کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە 44741 کیلۆواتە.
هەر بەپێی داتاکان، کەرتی بازرگانی بە 712 هاوبەش بڕی 24121 کیلۆوات، کەرتی کشتوکاڵی بە 152 هاوبەش بڕی 1694 کیلۆوات و کەرتی میریش بە 8 هاوبەش بڕی 127 کیلۆوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنن. بەمەش کۆی گشتیی کارەبای بەرهەمهێنراو دەگاتە 106.162 مێگاوات.
ڕووکردنە بەکارهێنانی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پشتبەستن بە وزەی نوێبووباوە و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
بەکارهێنانی سیستەمی سۆلەر لە ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا، باشترین و هەرزانترین ڕێگەیە بۆ دەستکەوتنی کارەبای بەردەوام بە تیشکی خۆر. ئەم تەکنەلۆژیایە خەرجیی مانگانەی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە و بارگرانیی سەر تۆڕی نیشتمانیش سووک دەکات.
هاوکات بە پێچەوانەی مۆلیدەکان، سۆلەر سەرچاوەیەکی بێدەنگ و خاوێنە و شارەکان لە دووکەڵ و ژاوەژاو دەپارێزێت.