لە گوندی بەرسیرینی سەر بە قەزای ڕواندز، بەبەردبوویەکی دەگمەنی ئامۆنایت بە کێشی زیاتر لە 300 کیلۆگرام دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 145 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

 

ئەمڕۆ فەرهاد، شوێنەوارناس و شارەزای مێژوویی ڕایگەیاند، بەردەکە تیرەکەی مەترێک و 20 سانتیمەترە، بەرزییەکەی نزیکەی 45 سانتیمەترە و گەورەترین بەبەردبووە کە تاوەکوو ئێستا بەم قەبارەیە لە هەرێمی کوردستاندا دۆزرابێتەوە.

 

مێژووی پێکهاتنی ئەم بەبەردبووە دەگەڕێتەوە بۆ نێوان 66 تا 145 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی وردیش لەسەری، ڕەوانەی زانکۆی سۆران دەکرێت.

 

بەبەردبووی ئامۆنایت پاشماوەی ڕەقبووی زیندەوەرە دێرینەکانە کە لەناو توێژاڵەکانی زەویدا پارێزراون، دۆزینەوەی لەم شێوەیەش یارمەتیی زانایان دەدات بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ژیان لە سەردەمی دەیناسۆرەکان و دیاریکردنی تەمەنی چینەکانی زەوی.