شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەک وێستگەیەکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، توانی لەژێر ڕابەرایەتی بارزانی نەمردا ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەیەک دژی ستەمکاری و زۆرداری بچەسپێنێت و قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی و سەربازی لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار بکات.
ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و پێشڕەویی پارتی لە 11ی ئەیلوولی 1961، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چارەنووسی سیاسی و دۆزی ڕەوای نەتەوەیی هەبووە و سەرجەم چین و توێژەکانی کردە یەک هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت.
لە پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم شۆڕشە مەزنە نەک هەر تەنیا یادەوەرییەکی هاوبەشە، بەڵکو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی گواستەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو و زەمینەسازی بۆ دەستکەوتە مێژووییەکانی وەکو ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، ڕاپەڕینی سەرتاسەری و بنیاتنانی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کرد.
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە یادەکەدا جەخت لەسەر پاراستنی ڕێبازی بارزانی، پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکاتەوە بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم، هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری دەنوێنێت و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەنێرێت.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر هەڵگیرسا و توانی گەلی کوردستان لە دەوروبەری ئامانجە نەتەوەییەکان کۆبکاتەوە و بناغەی خەباتی چەکداری و سیاسی هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دادمەزرێنێت.