لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خوێندندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین تەواو دەکات.
ئەمڕۆ عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، کۆتایی هەفتەی داهاتوو سیستەمی زانکۆلاین بۆ پێشکەشکردنی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت، بە شێوازێک کە پرۆسەکە هەرسێ جۆری خوێندنی زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران لەخۆدەگرێت بۆ ساڵی خوێندنی 2026 تا 2027 لە ناو 16 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گشتی دەرچووان بۆ ئەمساڵ دەگاتە 40,716 قوتابی، کە دابەشبوون بەسەر بوارە جیاوازەکاندا و لەو ژمارەیە 30,847 دەرچوو لە بەشی زانستی، 7،923 دەرچوو لە بەشی وێژەیی، 1,240 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن، کە لە ئێستادا ئامادەن بۆ ئەوەی لە کاتی کارابوونی سیستەمەکەدا داواکارییەکانیان پێشکەش بە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بکەن.
سیستەمی زانکۆلاین بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی ڕێکخستن و دادپەروەری لە دابەشکردنی دەرچوانی ئامادەیی بەسەر زانکۆ و پەیمانگاکاندا خرایە کار و لەو کاتەوە بووەتە پرۆسەیەکی سەرەکی ساڵانە بۆ وەرگرتنی قوتابییان.