پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و شاندە سەربازییەکەی بەریتانیا بوون.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی جێگری ئادمیراڵ ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکان و هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی بەریتانیا و هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات کردەوە.