لە چوارەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزاردا، ژمارەیەک لە تۆمەتباران دانیان بەو تاوانانەدا ناوە کە ئاراستەیان کراوە.

 

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و 12 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار، لە دادگای سلێمانی بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوە چوو، کە نزیکەی 5 کاتژمێری خایاند.

 

ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە دانیشتنەکەدا وتەی 4 تۆمەتبار وەرگیراوە؛ لەوانە ڕێبواری قەناس کە دانی بە بوونی ڕێککەوتن بۆ هەوڵی تیرۆر و کودەتادا ناوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی بیر نەمابوو، هەروەها ڕێنوار زریان ئەویش دانی بە کۆی ئەو تاوانانەدا ناوە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئاراستەی کرابوون، پێشەوا حەسەنیش دانی بەوەدا ناوە کە بەشداریی لە خولێکی سێ مانگیدا کردووە بۆ بەکارهێنانی درۆن، بەڵام هەر خۆیشی دەیگوت کە ناتوانێت درۆن بەکار بهێنێت.

 

ژینۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی بۆتان کە گوایە لەگەڵ پێشەوا حەسەندا لە خولی بەکارهێنانی درۆن بووە، بەتەواوی وتەکانی هەفتەی پێشووتری ڕەت کردەوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 

لە کۆی وەرگرتنی وتەی 9 تۆمەتباری ڕووداوەکەی لالەزار تاکوو ئێستا 4 تۆمەتبار دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.

 

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستە ڕوو، تاکوو ئێستا هیچ وتەیەک لە هەریەکە لە لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و ڕێبواری حامید حاجی غالی وەرنەگیراوە و تەنیا ئەوان ماونەتەوە.

 

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە تۆمەتبارێک لەنێو دادگادا داوای کورسیی کردووە، بەهۆی ئەوەی باری تەندروستیی باش نییە و پێویستە بچێتە بەردەم لیژنەی تەندروستی.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاوات تاڵه‌بانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێبواری قەناس وتەکانی پێشووی گۆڕیوە و لەبەرچاوی هەموواندا ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە.

 

جێی باسە، بەرەبەیانی 22ی 8ی 2025 لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی دوای هەڵکوتانە سەر هۆتێل لالەزار، لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشەوە دەستگیر کران.