بە فەرمانی سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، ماستەرپلانی نوێی چەقی شاری هەولێر بە مەبەستی پاراستنی کەلەپوور و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری دادەنرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە پڕۆژەکەی لەگەڵ شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و کۆمپانیای تیمی نێودەوڵەتی ئەنجام داوە.
پڕۆژەکە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و تێیدا بایەخ بە پاراستنی ناسنامەی مێژوویی، کولتوور، خانوو و گەڕەکە دێرینەکانی چەقی پایتەخت دەدرێت. هاوکات کار لەسەر ڕێکخستنەوەی هاتووچۆ، جوانکاری، ژینگە، گواستنەوە و ژیاندنەوەی شوێنە فەرامۆشکراوەکانی ناوجەرگەی شارەکە دەکرێت.
قەڵا و دەوروبەری چەقی شاری هەولێر وەک یەکێک لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووە بەردەوامەکانی جیهان، ساڵانە پێشوازی لە سەدان هەزار گەشتیاری ناوخۆ و بیانی دەکەن.