شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی عێراق ئەنجام دا، بە مەبەستی جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری، دارایی و نەوتییەکانی هەرێم لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027.
ئەمڕۆ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، بریکارانی وەزارەتەکان و وەزیری نەوتی فیدراڵ کۆ بووەتەوە و تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی بۆ داڕشتنی ڕەشنووسەکە خستووەتە ڕوو.
بهپێی ڕاگهیهندراوهكهی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دانیشتنەکاندا، شاندی هەرێم پێداگریی لەسەر جێگیرکردنی پشکی کوردستان لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەگوێرەی دوا سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، تەرخانکردنی پشکی پارێزگاکان، پترۆدۆلار و بەشداریکردن لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
لە دۆسیەی نەوتیشدا، ڕێککەوتن کراوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت و داهاتەکەی بچێتە خەزێنەی فیدراڵ، هاوکات دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان هاوشێوەی عێراق دەستەبەر بکرێت.
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و دارایییانەی هەولێر لە بەغداد لە چوارچێوەی ڕێکخستنی بنەمایەکی جێگیری یاساییدایە، بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق.
دهقی ڕاگهیهندراو:
شاندی باڵای دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد
ئەمڕۆ، 9ی ئەیلوولی 2026، شاندی باڵای دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و دارایییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییی فیدراڵ
لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری داراییی فیدراڵ و وەزیری پلاندانان بەوەکالەت ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییی فیدراڵ بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند، هاوکات تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە خستە ڕوو.
لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستیی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کرایەوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.
لە بەرانبەردا، وەزیری داراییی فیدراڵ پێشوازیی لە بەشداریی شاندی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە؛ هەروەها دڵنیایی دا کە وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە ڕۆشناییی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆبوونەوە لە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ
دواتر، شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بەگوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار.
هەروەها داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان کرا بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیاندا بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیشیاندا بە هەمان بنەما بەشدار بێت.
لە بەرانبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ پێشوازیی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەییی خۆی بۆ تاووتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا دەربڕی. هەردوو لاش لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا ڕێک کەوتن.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ
لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کۆ بووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.
کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە: تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی داراییی 2027، لەگەڵ بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
شاندی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو حکوومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدراڵ.
لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاسایییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی و ئابووریی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاسایییەکانی کردەوە؛ لە بەرانبەریشدا بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵی دووپات کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی تری عێراق.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان