هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەجەف گۆشتفرۆشێکیان دەستگیر کرد کە بەرازی کێویی ڕاو دەکرد و گۆشتەکەی وەک قیمەی ئاسایی بە هاووڵاتییان و چێشتخانەکان دەفرۆشت.

 

ئەمڕۆ ماڵپه‌ڕی ئەلشەرق بڵاویكرده‌وه‌، لە ئۆپەراسیۆنێکی چاودێریی وردی ده‌زگای هه‌واڵگری لە گەڕەکی مەیسانی قەزای کووفە، تۆمەتبارەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر کردووە و لەناو دووکانەکەیدا دەست بەسەر 2 بەرازی سەربڕاو و بڕێکی زۆر گۆشتی ئامادەکراودا گیراوە.

 

بەپێی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان، تۆمەتبارەکە بەرازە کێوییەکانی لە زۆنگاوەکانی ناحیەی حوڕییە ڕاو کردووە و دوای لێکردنەوەی پێستەکەیان، گۆشتەکەی کردووەتە قیمە بۆ ئەوەی سروشتی گۆشتەکە دیار نەمێنێت. تۆمەتبارەکە ڕەوانەی دادگا کراوە و بە فێڵی بازرگانی، پێشێلکردنی یاسا تەندروستییەکان و بەزاندنی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی دادگایی دەکرێت.

 

ڕووداوەکە شەپۆلێکی تووڕەیی و کاردانەوەی توندی لە شەقامی نەجەف و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، بەوپێیەی ئەو پارێزگایە پێگەیەکی ئاینیی تایبەتی هەیە و بەکارهێنانی گۆشتی بەراز لە ئیسلامدا بە تەواوی حەرامە.