وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کۆ بووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە.

 

ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فەریق ڕوکن زەید حۆشی ئەلموسەوی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری حکومەتی فیدراڵ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمنیی هەردوو لا بەڕێوە چوو، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و میکانیزمەکانی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا تاووتوێ کران.

 

ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە بریتی بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان، بەهێزکردنی هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە دژی مۆڵگە و تۆڕەکانی تیرۆر، هاوکات پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی گشتی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان کە پێویستییان بە هاوکاریی چڕتر هەیە، بۆ ئەوەی بۆشایییە ئەمنییەکان لە بەرانبەر پاشماوەکانی داعشدا پڕ بکرێنەوە.