دەستەی دەستپاکیی عێراق تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە پارێزگای بابل ئاشکرا کرد، کە تێیدا بەرپرسێکی باڵای دیوانی پارێزگاکە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی، سەرقاڵی قۆرخکاری وەرگرتنی بەرتیل بوون.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بەو دەستەیە بە هاوکاریی شانەیەکی هەواڵگریی، توانیویانە تۆڕێکی مەترسیدار کە لە بەرپرسی لیژنەی خەمڵاندنی بەهای موڵک و خانووبەرە لە دیوانی پارێزگای بابل پێکهاتبوو، دەستگیر بکەن، کە هاوسەر و کوڕەکەشی لە شارەوانیی حلە کارمەند بوون و هاوکار بوون لە بەرتیل وەرگرتن.

 

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکان داوای بڕە پارەی زۆریان لەو کەسانە دەکرد کە دەیانویست بە شێوازی گرێبەستی درێژخایەن زەوییەکانی سەر بە پارێزگای بابل بگرنە ئەستۆ و لە بەرامبەر تێپەڕاندنی مامەڵەکانیان پارەیان لێ وەرگرتوون، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری داوە تۆمەتباران بە پێی ماددەی 307 لە یاسای سزادان ڕابگیرێن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوام بێت.

 

دەستەی دەستپاکی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەگەڵ فەرمانبەر و بەرپرسە گەندەڵەکان لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجام داوە، بەتایبەتی لە دۆسیەی زەوی و زاردا، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دیاردەی بەرتیل وەرگرتن لە فەرمانگە حکومییەکاندا کەم ببێتەوە.