بۆ یەکەمین جار لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە هەولێر، نەشتەرگەریی دانانی گونی دەستکرد بۆ گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری بڵاوی کردەوە، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ بە سەرپەرشتیی دکتۆر مستەفا عوسمان، نەشتەرگەریی چاندنی گونی دەستکردیان بۆ نەخۆشێک ئەنجام داوە کە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ئەندامەکەی لەدەست دابوو.

 

ئەم نەشتەرگەرییە دەرفەت دەداتە ئەو کەسانەی بەهۆی گرێ، زەبری دەرەکی، سووڕان یان نەخۆشییە زگماکییەکان گونیان لەدەست داوە، تا لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە هاوسەنگییان بۆ بگەڕێتەوە.

 

گونی دەستکرد لە سیلیکۆن دروست کراوە و بە ماددەی سەلاین پڕ کراوە، ئامانج لێی تەنیا جوانکارییە و فەرمانی هۆڕمۆنی یان دروستکردنی سپێرمی نییە، هاوکات نەخۆش دەتوانێت دوای 7 بۆ 10 ڕۆژ بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاساییی خۆی.

 

نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری یەکێکە لە ناوەندە پزیشکییە گشتییەکانی شاری هەولێر و بەردەوام نەشتەرگەرییە پێشکەوتوو و دەگمەنەکان لە بەشە جیاوازەکانیدا ئەنجام دەدرێن.