شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027 و شایستە دارایییەکانی هەرێمی تاوتوێ کرد.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە، دکتۆر ماهیر حەمماد جوهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2027، دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، تەرخانکراوی پڕۆژەکان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و خەرجییەکانی بەکاربردن کرا. لە دانیشتنەکەدا فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و تەحسین موسەننا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پڕۆگرامە وەبەرهێنانە حکوومییەکان بەشدار بوون.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌ی چه‌ندین مانگه‌ بەغدا و هەولێر هەوڵەکانیان بۆ یەکلاکردنەوەی پشک و شایستە دارایییەکان پێش پەسەندکردنی ڕەشنووسی بودجەی گشتی لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق، چڕ كردووه‌ته‌وه‌.