لە گۆڕانکارییەکی نوێی ئیداریدا لە پەروەردەی کەرکووک، بەرپرسێکی کورد لە پۆستەکەی لادرا و کەسێکی عەرەب لە شوێنەکەی دانرا، ئەمەش هاوسەنگیی نەتەوەیی لە پۆستە کارگێڕییەکانی شارەکەدا گۆڕی.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراقەوە دەرچووە، بڕیار درا بە کۆتاییهێنانی ئەرکی (هیوا حەبیب سەدرەدین) وەک بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی لە پەروەردەی کەرکووک و لە شوێنەکەی (عەبدوڵڵا محەممەد عەلی) دەستنیشان کرا.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ئەم فەرمانە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەبدولکەریم عەبتان جبوری، وەزیری پەروەردەوە دەرکراوە، عەبدوڵڵا محەممەد عەلی، کە لە شوێنی بەڕێوەبەرە کوردەکە دانراوە، زاوای محەممەد عەلی تەمیمە، کە جێگری محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی هاوپەیمانیی تەقەدومە.
پێش ئەم گۆڕانکارییە لە پارێزگای کەرکووک، دابەشکردنی پۆستەکان بەم شێوەیە بوو: عەرەبەکان خاوەنی 11 پۆست بوون و ئێستا بووەتە 12 پۆست، لە بەرامبەردا کورد، کە خاوەنی سێ پۆست بوو، بووەتە دوو پۆست؛ تورکمانەکانیش خاوەنی 5 پۆستن لەم پارێزگایەدا.
کەرکووک وەک شارێکی پێکهاتە جیاوازەکان، هەمیشە هەستیار بووە بەرامبەر بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان و پاراستنی هاوسەنگیی نەتەوەیی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، ئەم جۆرە بڕیارانەش نیگەرانیی لای لایەنە کوردییەکان دروست دەکات.