دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی پرسەی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی، سەرۆک بارزانی سوپاسنامەیەکی بڵاوکردەوە و دەستخۆشیی تایبەتی لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات.
کەمێک لەمەوبەر سەرۆک بارزانی بەناوی خۆی و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەی بارزانییەوە، پەیامێکی سوپاسگوزاریی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕێز و پێزانینی قوڵی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان، لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکومی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و سەرجەم کوردستانییان لە چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد، کە بەشداربوون لە پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی).
لە پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی تایبەتی کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، هێزی هاوپەیمانان، پیاوانی ئایینی، نوێنەرانی پێکهاتەکان، سەرۆک هۆزەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیسی کرد کە بە ئامادەبوونیان، یان لە ڕێگەی بروسکە، پەیامی هاوخەمی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەرکیان کێشا و هاوسۆزی خۆیان دەربڕی.
لە بەشێکی پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی دانیشتوانی شارۆچکەی پیرمام کرد بۆ میوانداریی جەماوەر، لەگەڵ ئاسایش و پۆلیس بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ و پاراستنی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی پرسەکەدا.
لە کۆتایی دا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، هاوبەشیی بەردەوامی خەڵکی کوردستان لە خەم و کۆستەکانیاندا هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینە و هیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک خواست.