پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت و چاوەڕێ دەکرێت جارێکی دیکە متمانە بە هاوسەرۆکی پارتەکە ببەخشرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، دەم پارتی لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت و چاوەڕوێ دەکرێت، لەژێر ڕۆشنایی پڕۆسەی چارەسەریی دۆزی کورد لە تورکیا، بڕیاری تایبەت لەبارەی بە ڕێکخستنی ناوخۆیی و سیاسەتی قۆناخی نوێی پارتەکە بدات.

بەگوێرەی کارنامەی کۆنگرەکە، بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتەکە و تاوتوێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، دەم پارتی دوایین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە تشرینی یەکەمی 2023 ئەنجامدابوو، ئەمجارەش بەهۆی پابەندبوونی یاساییەوە کۆنگرەکەی پێنجەمی لەکاتی ئاسایی خۆیدا دەبەستێت.

میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە سەرچاوەکانی نزیک لە دەم پارتییەوە بڵاویان کردووەتەوە، چاوەڕوانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سەرکردایەتیدا ناکرێت و پێشبینی دەکرێت تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی دووبارە هەڵبژێردرێنەوە و گۆڕانکارییەکانی ناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندییش سنووردار دەبن.

چاودێرانی سیاسی لە باکووری کوردستان ئەم کۆنگرەیە زیاتر وەک ئامادەکارییەک دەبینن بۆ کۆنگرەیەکی بەرفراوانتر لە بەهاری 2027، کە تێیدا بەپێی پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و یاسای چارەسەری، دووبارە بنیاتنانەوەی سەرتاسەری ئەنجام دەدرێت، کە پێشبینی دەکرێت، بەشێک لە سەکردەکانی پەکەکە و گیراوانی ئیمراڵیش بەشێک بن لە سەرکردایەتی پارتەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەم پارتی لە کۆنگرەی ساڵی داهاتوو، ناوی پارتەکەی بۆ پارتی کۆماریی دیموکراتیک دەگۆڕێت و هەریەکە لە سەڵاحەددین دەمیرتاش و لەیلا زانا، کاندیدن ببنە هاوسەرۆکی پارتەکە و دەست بە قۆناغێکی نوێی سیاسی بکەن لە باکووری کوردستان و تورکیا.

لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی دەم پارتی، ناوەندی بێتیمار بۆ توێژینەوەی سیاسی و ڕاپرسی، کە بنکە سەرەکییەکەی لە ئەنقەرەیە، ئاشکرای کرد، بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە لە 25 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامیانداوە، ئاکپارتی لە پلەی یەکەم و دەم پارتی لە پلەی چوارەم دێت.