هێرشکردنە سەر هاندەرانی وەرزشی و تیمی پایتەخت میدیا لە بەغدا، کاردانەوەی توندی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێدەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی دیدار بۆ گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان ڕایگەیاند، لە ڕێکەوتی 4ـی ئەیلوولی 2026 لە شاری بەغدا، گرووپێکی لەیاسادەرچوو هێرشیان کردووەتە سەر هاندەرانی یانەی وەرزشی هەولێر و تیمی ڕۆژنامەوانی پایتەخت میدیا. چەندین هاندەر بریندار بوون و زیانێکی زۆر بە پاسی گواستنەوەی هاندەران گەیشتووە، هاوکات دەست بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تیمی پایتەخت میدیاشدا گیراوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە دژ بە بنەماکانی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسین و کاریگەری نەرێنی لەسەر گیانی برایەتی نێوان پێکهاتەکان دروست دەکەن، بەو هۆیەوە، ڕێکخراوەکە بڕیاری داوە لە ڕێگەی داواکاری گشتی لە بەغدا، سکاڵای یاسایی لەسەر هێرشبەران و لایەنە کەمترخەمەکان تۆمار بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
پێشتریش چەندین جار لە کاتی یارییە وەرزشییەکاندا گرژی لە نێوان هاندەرانی یانە جیاوازەکاندا دروست بووە، بەڵام بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی میدیاکاران و هاندەران بەم شێوازە، نیگەرانی قووڵی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.
لە 4ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، پایتەخت میدیا پاسی گواستنەوەی بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر دابین کرد و ڕەوانەی بەغدای کردن بۆ سەیرکردنی یاریی نێوان یانەی هەولێر و یانە شورتە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، هاندەرانی یانەی شورتە و هێزێکی ئەمنی هێرشیان کردە سەر هاندەرانی یانەی هەولێر و تیمی پایتەخت میدیا، جامی پاسەکانیان تێکشکاند و ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران بریندار بوون.