سوپای پاسدارانی ئێران بەلەمێکی سەربازیی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دوای ئاڵوگۆڕی چەند هێرشێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن دێت.
ئەمڕۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسداران توانیویانە ڕێگری لە بەلەمێکی سەربازیی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا بکەن، کە هەوڵی داوە بێتە ناو ناوچە پارێزراوەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانیانەوە کراوەتە ئامانج و تێکشکێنراوە.
ئەم هێرشەی ئێران وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە هێرشەکانی دوێنێی سوپای ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ، کە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایانگەیاند، 3 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان کردووەتە ئامانج و بە تەواوی لەناویان بردوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە کە جەنگ لەگەڵ ئێران زۆر ئاسانە و وەک پەتاتە وایە، دوای نزیکەی یەک مانگ لە وەستانی هێرشە ڕاستەوخۆکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە سەرەتای ئەیلوولی 2026 ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران دووبارە هەڵگیرسا.