دادگای عێراق بۆ یەکەمجار هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکای وەک 'تاوانی تیرۆریستی' ناساند و سزای قورسی بۆ ئەنجامدەرانی دەرکرد.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی عەرەبی جەدید بڵاوی کردەوە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە بەغدا ئەندامێکی باڵای کەتائیبی حزبوڵای بە 15 ساڵ زیندانی سزا داوە، ئەم سزایە دوای ئەوە هات کە ناوبراو بە تۆمەتی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بە ناوی شیلی کتلەسن تاوانبار کرا.

 

به‌پێی ماڵپەڕه‌كه‌، دادگا سزای 15 ساڵ زیندانیی بۆ دوو کەسی تر دەرکرد کە بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز کردبوو.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بڕیاری داوە مامەڵەیەکی تووند لەگەڵ ئەو گرووپانە بکات کە چەک ڕادەستی دەوڵەت ناکەن.

 

عەرەبی جەدید نووسیویه‌تی، له‌ ڕۆژانی داهاتوودا سزای نوێ بۆ ئەو کەسانە دەردەچێت کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان، دادگای کەرخ سزای 15 ساڵ زیندانیی بۆ سێ کەس دەرکردووە کە بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشیان کردبووە سەر بنکەی K1 لە کەرکووک.