سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداریی مانگرتنی سەرتاسەری دەدەن، ئەگەر ناویان لە ڕەشنووسی بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی 2027 نەبێت.

 

ئەمڕۆ دەستەی نوێنەرانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی کەلار گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و جەختیان لەسەر مافی دامەزراندنی هەمیشەیی کردەوە، ئەحمەد عەلی، بە نوێنەرایەتیی دەستەکە، داوای لە شانەی دانوستانکاری هەرێم کرد لە بەغدا پرسی دامەزراندنیان بخاتە ناو گفتوگۆ فەرمییەکانەوە تا لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیر بکرێت.

 

سەرەڕای کۆبوونەوەی پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان، تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندیی فەرمی لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی هەرێم نەداوە، ئەم دواکەوتنە ناڕەزایەتیی فراوانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی نوێنەرانی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان پەنا بۆ هەڵوێستی مەیدانی و بایکۆت بەرن.

 

بەپێی بڕگەی 25 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای ژمارە 67ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێت سێ یەکەمەکان ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونیان بە شێوەی هەمیشەیی دابمەزرێن، بەڵام ئەم توێژە سەرەڕای ئەنجامدانی 47 چالاکی و خۆپیشاندان، هێشتا بێبەش بوون لە مافە سەرەتاییەکانیان.

 

دۆسیەی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە درێژخایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە ساڵانە بەهۆی قەیرانی دارایی و ئاڵۆزیی پشکەکانی بودجەوە دوادەخرێت، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و تەرخانکردنی مالیی فەرمی هەیە لە بودجەی فیدراڵیدا.