دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زنجیرەیەک هەڵمەتی مەیدانی و هەواڵگری بۆ ڕێگریکردن لە گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قۆناغی ئامادەیی ئەنجام دا و لەم چوارچێوەیەدا توانی زیاتر لە 30 پێشێلکاریی جۆراوجۆر لە بەغدا و پارێزگاکانی تر تۆمار بکات.
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی دەزگاکە لە پارێزگای بەسرە دەستیان بەسەر کارگەیەکی نهێنیدا گرتووە بۆ دروستکردنی بیستۆک و پێداویستییەکانی گزیکردنی ئەلیکترۆنی لەناو خانوویەکدا لە باکووری پارێزگاکە، دوو تۆمەتبار کە سەرپەرشتیی ئەم کارگەیان دەکرد دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر کەرەستە و ئامێرەکانی ناو کارگەکەدا گیراوە.
لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەی دەزگای ئاسایشی عێراقدا، هێزە ئەمنییەکان لە هۆڵی قوتابخانەیەک لە فەلووجە لە پارێزگای ئەنبار، کەسێکیان لە کاتی وەرگرتنی بڕی 2 هەزار دۆلاردا بە تاوانی ساختەکردن و بەڵێنپێدانی بەرزکردنەوەی نمرەی قوتابیان دەستگیر کردووە.
هەر لە هەمان ئۆپەراسیۆندا، دوو قوتابیش لە ڕومادی بە تۆمەتی خۆدزینەوە و گۆڕینی ناسنامە دەستگیر کراون، هاوکات لە کەرکووک دوو حاڵەتی فێڵکردنی ئەلیکترۆنی بە بەکارهێنانی ئامێری بیستۆک و فریکوێنسی تۆمار کراون، و چەند پەیمانگەیەکی نارێگەپێدراویش لە دیالە و کەرکووک و ڕۆژئاوای بەغدا داخراون.
دیاردەی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی لە تاقیکردنەوەکاندا لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم وەزارەتی پەروەردە و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، حکومەت هەموو ساڵێک ڕێکاری توندتر بەرامبەر ئەو تۆڕە قاچاغچی و کەسانە دەگرێتە بەر کە کەرەستەکانی گزیکردن بە قوتابیان دەفرۆشن.