سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕەتی دەکاتەوە، توالێتە گشتییە کۆنەکان بکرێنە بەرامبەر پارە، بەڵکو پلانەکەیان تەنیا شوێنە نوێیەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ڕێکخستنەوەی بۆ توالێتە گشتییەکان دەکرێت و بەکارهێنانی توالێتە کۆنەکان نابێتە بەرامبەر پارە، بەڵکو کار لەسەر دروستکردنی شوێنی نوێ و خاوێن دەکرێت.
کارزان هادی باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەوەی هەندێک لە توالێتەکان لەسەر ئاستی پێویست پاک و خاوێن نین و هاووڵاتییان ناتوانن بەکاریان بهێنن، کار لەسەر ئەوە دەکەن لە شوێنە گشتییەکاندا چەندین توالێتی نوێ بۆ گەشتیاران و سەردانیکەران دروست بکرێن تاوەکو خزمەتگوزاریی باشتریان پێشکەش بکرێت.
سەرۆکی شارەوانی ڕوونی کردەوە، بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنیی شوێنە نوێیەکان یان ئەو توالێتانەی لەسەر ئەرکی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت نۆژەن دەکرێنەوە، بیر لەوە کراوەتەوە ڕسوماتێکی زۆر کەم وەربگیرێت.
کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد، هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەم بارەیەوە نەدراوە و بابەتەکە پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر هەیە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.