دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ بە شێوەیەکی خێرا فراوان دەبێت و زەوی دەخاتە ناوچەیەکی مەترسیداری گۆڕانکارییە کەشوهەواییە سەختەکانەوە.

 

ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ بە شێوەیەکی خێرا گەورەتر دەبێت، هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، جیهانی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە و پێویستە بەپەلە ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر.

 

ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی پێشبینی دەکات ئەم دیاردەیە لە چەند مانگی داهاتوودا و تا مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو زۆر بەهێزتر بێت، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پلەی گەرمی و بارانبارین دەبێت، هەروەها مەترسییەکانی لافاو، وشکەساڵی و گەرمای توند زیاد دەکات و هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهان دەکات.

 

بەهێزبوونی ئەم شەپۆلە، هاوسەنگیی ژینگەیی زەوی تێکدەدات، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە گەرمای لەڕادەبەدەر زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت و ئاستی دەریاکان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش وڵاتە کەناراوییەکان دەخاتە ژێر مەترسیی ڕاستەوخۆی نقومبوون.

 

بەهێزبوونی ئەم شەپۆلە گەرمایە دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی لە ناوچە جیاوازەکانی زەویدا، زانا و شارەزایانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەدەن شەپۆلەکانی گەرما زیان بە کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنن و ئاستی دەریاکان بەرزتر دەکەنەوە، ئەمەش وا دەکات وڵاتە کەناراوییەکان بکەونە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی نقومبوون و وێرانبوونی ژینگەی سروشتییان.

 

دیاردەی ئێل نینۆ گۆڕانکارییەکی سروشتییە لە پلەی گەرمیی زەریای هێمن و هەر چەند ساڵ جارێک ڕوو دەدات، ئەم دیاردەیە پێشتر چەندین جار بووەتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و زیانی ئابووریی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا.