بانکی ناوەندیی هۆڵەندا بڕیارێکی ستراتیژیی نوێی بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری یەدەگی ئاڵتوونەکانی بۆ لەندەن دەرکرد، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جوگرافییە سیاسییەکان.

 

ئەمڕۆ ئۆلاف سلایپن، سەرۆکی بانکی ناوەندیی هۆڵەندا ڕایگەیاند، بڕی 86 تۆن لە یەدەگی ئاڵتوونی وڵاتەکەی لە ئەمریکا و کەنەداوە بۆ لەندەن گواستووەتەوە، هۆکاری ئەم بڕیارەشی بۆ ئەو بارودۆخە گرژ و ئاڵۆزە گەڕاندەوە کە لە ئێستادا جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئاماژەی بەوە دا مامەڵەکردن بە ئاڵتوون لە بازاڕەکانی لەندەن زۆر ئاسانترە بەراورد بە نیویۆرک و ئۆتاوا.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی هۆڵەندا، پرۆسەی گواستنەوەکە لە نێوان مانگەکانی 3 بۆ 8ـی ئەمساڵدا ئەنجام دراوە، بەشێکی لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتن و بەشێکی تریشی بە شێوەی گواستنەوەی فیزیکی بووە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

 

کۆی گشتیی یەدەگی ئاڵتوونی هۆڵەندا دەگاتە 612.4 تۆن و بەهای ئەم سامانە لە کۆتایی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 72.2 ملیار یۆرۆ، پێشتر بانکەکە 31.3 لەسەدی ئاڵتوونەکانی لە نیویۆرک و 19.7 لەسەدی لە ئۆتاوا هەڵگرتبوو، بەڵام پاش ئەم پرۆسەیە پشکی هەریەک لەو دوو وڵاتە بۆ 18.5 لەسەد کەم بووەتەوە، لە بەرامبەردا پشکی ئاڵتوونە هەڵگیراوەکانی هۆڵەندا لە لەندەن لە 18.1 لەسەدەوە بۆ 32.1 لەسەد بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا هێشتا 30.8 لەسەدی سامانەکە لە ناوخۆی هۆڵەندادایە.

 

شارەزایانی بواری ئابووری پێیان وایە ئەم هەنگاوەی هۆڵەندا ڕەنگدانەوەی ترسێکی جیهانییە لە سەقامگیریی سیستەمی دارایی، لۆران شوارتز، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی ئاڵتوون لە پاریس، پێی وایە بارودۆخی سیاسیی ئەمریکا پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتان تا بیر لە شوێنی جێگرەوە بکەنەوە بۆ هەڵگرتنی سامانەکانیان.

 

لەندەن وەک گەورەترین و قووڵترین بازاڕی ئاڵتوون لە جیهاندا دەناسرێت و دەرفەتێکی باشتر بە بانکەکان دەدات بۆ مامەڵەکردن و قەرزدان لە کاتی قەیرانە سەختەکاندا، هاوشێوەی هۆڵەندا، پێشتر بانکی ناوەندیی ئەڵمانیاش ترسی لەسەر ئاسایشی یەدەگە ئاڵتوونەکانی لە نیویۆرک هەبوو.

 

یەدەگی ئاڵتوونی بانکە ناوەندییەکان بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەقامگیریی ئابووریی وڵاتان دادەنرێت و پارێزبەندییەکی بەهێزە لە دژی هەڵاوسان، زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێک لە سامانە نیشتمانییەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانیان هەڵدەگرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان.