پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نوێ دەنێت و هاوکاریی دارایی و جێگیری بۆ چەندین توێژی جیاوازی کۆمەڵگە دابین دەکات.
ئەمڕۆ هێمن سەلیم خان، سەرۆکی شارەوانیی شارەدێی بجیل ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکان بۆ دابەشکردنی 1700 پارچە زەوی بە یەک قۆناخ لە بجیل کۆتاییان هاتووە، نەخشەی پێویست بۆ دابەشکردنی زەوییەکان پەسەند کراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە پرۆسەی ڕادەستکردنی زەوییەکان بەسەر سوودمەندبووان دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکی شارەوانیی شارەدێی بجیل، پڕۆسەکە لە ڕووی جوگرافییەوە بەسەر پێنج زۆندا دابەش کراوە، تەنیا یەک زۆنیان زەویی کشتوکاڵییە و زۆرینەی سوودمەندانیش ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگەن، بەهۆی نەبوونی زەوی پێویست لە ناوەندی شارەدێی بجیلدا، بە ڕەزامەندیی وەزارەتی شارەوانی، سنووری ناوچەکە بەرەو ئاراستەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا فراوان کراوە.
ئەم بڕیارە کێشەی کەمیی زەوی بۆ هەمیشە چارەسەر کرد. هاوکات بەشێک لە هاووڵاتییانی ناوچەی کەڵاتیش بەهۆی نەبوونی نەخشەی تایبەت بە ناوچەکەیان، لەم دابەشکردنە سوودمەند دەبن، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیدا دەرکردبوو و پڕۆسەکەی شارەدێی بجیلیش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە گشتگیرەدایە.