هەردوو یانەی دهۆک و قوە جەوییە لە هەوڵی تۆمارکردنی یەکەم سەرکەوتندان، ڕاهێنەری دهۆک ستایشی هاندەرانی دەکات.


لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو کاتژمێر 9:00ی شەو، دهۆک لە یاریگای خۆیدا پێشوازی لە یانەی قوە جەوییە دەکات و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

هەردوو یانەکە لە چوار گەڕی ڕابردووی خولەکەدا نەیانتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبهێنن و خاوەنی چوار بەرامبەربوون (یەکسانبوون)ن.

یەحیا گوڵمحەمەدی، ڕاهێنەری یانەی دهۆک لە لێدوانێکدا ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی هاندەرانی یانەکەی کرد و بە "هێزی ڕاستەقینەی تیپەکە" وەسفی کردن.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیشیان بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، ڕاهێنەری دهۆک گوتی: "ئامادەکارییەکی باشمان بۆ یارییەکە کردووە و ئامانجمان ڕوونە کە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە. بەهۆی نزیکی کاتی یارییەکان لە یەکترەوە، زیاتر کارمان لەسەر توانای جەستەیی یاریزانان کردووە. هاندەرانی دهۆک هێز و و ورەی ڕاستەقینەی تیپەکەن، هیوادارم یاریزانان بە بەدەستهێنانی سەرکەوتن خەڵاتی هاندەران بڕەخسێنن و یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەیان پێشکەش بکەن."

سەبارەت بە دۆخی هەردوو یانەکە لە ڕیزبەندی خولەکەدا، یانەی دهۆک لە چوار یاری ڕابردوودا بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ لە ڕیزبەندی 13یەمی خولەکەدا دەبیندرێت، یانەی قوە جەوییەش (پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو)، چوار یاری ڕابردووی بەبێ سەرکەوتن تێپەڕاندووە و بە چوار خاڵ لە پلەی 12یەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دێت.