سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیارێکی تایبەت سەرجەم ئەو خانوو و شوقانەی پێش ساڵی 2007 لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرابوون، کردە بەخشینی تەواوەتی.

 

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو خانوو و شوقانەی کە پێش ساڵی 2007 لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش کرابوون، بە شێوەی بەخشین (منحە) بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەژمار کران.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاس و پێزانینی خۆی و خانەوادەی شەهیدانی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت و نووسینگەی تایبەتی بەڕێزیان کرد بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم یەکە نیشتەجێبوونانە پێشتر لەلایەن "دەزگای شەهید"ەوە دابەش کرابوون و بەپێی بڕیارە نوێیەکە بە تەواوەتی دەکرێنە بەخشین بۆ وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان.

 بەهۆی ئەم بڕیارەوە، هەموو قەرز و ئەرکێکى دارایی لەسەر شانی خێزانی شەهیدان دەسڕدرێتەوە و یەکە نیشتەجێبوونەکانیان بە بێبەرامبەر دەکرێنە موڵکی ڕەهای خۆیان.