لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکی و کارمەندانی دوو نەخۆشخانەی تایبەت لە هەولێر گیانیان لەدەستدا.

 

دوێنێ چوارشەممە، کچێکی تەمەن 21 ساڵان بەناوی 'سارا تەحسین' لە هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی 'ڕەسووڵی نوێی تایبەت' لە هەولێر گیانی لەدەستدا.

 

باوکی سارا تەحسین بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، پزیشکەکە بەرپڕسیارە لە گیانلەدەستدانی کچەکەی و ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا پزیشکەکە جامی پڕ لە ڕیخۆڵەی کچەکەی هێناوەتە دەرەوە و گوتبووی کە ئەوە بەشێکی زیادەیە.

 

هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ڕەسووڵی نوێ بەهۆی نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ (ICU) ماوەی شەش مانگ بوو لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە داخرابوو.

 

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە بە داخرانی تەواوەتیی نەخۆشخانەکە و ڕەوانەکردنی بەڕێوەبەر، پێنج پزیشک و کارمەندانی بەشداربووی نەشتەرگەرییەکە بۆ دادگا.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بریندارێکی ڕووداوەکەی کەسنەزان بەناوی 'محەممەد عیسا'ی تەمەن 47 ساڵان و خاوەنی 7 منداڵ لە نەخۆشخانەی سەردەم گیانی لەدەستدا.

 

کوڕی محەممەد عیسا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کاتی گواستنەوەی باوکی لەنێو ئامبۆڵانسدا، کارمەندێکی نەخۆشخانەکە باوکی بەردابووەوە، بەم هۆیەشەوە سەری تەقیوە و گیانی سپاردووە.

 

وەزارەتی تەندروستی بۆ پایتەخت میدیا دووپاتی کردەوە، کە بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی محەممەد عیسا دەکەن.