جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لەلایەک هێزەکانی ئەمریکا تا 2027 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە، لەلایەکی دیکە ترەمپ هەوڵی کۆتایی پێهێنانی جەنگەکە دەدات.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کرد، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2027 درێژ کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامەکە، ئەمە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ جەنگێکی دیکەی گەورە لەگەڵ ئێران.

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە، ئامانجێکی دیکەی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027، پێدانی هەڵبژاردەی زیاترە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.

لە ئێستادا ئەمریکا 19 کەشتی جەنگی، یەکەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، فرۆکەی جەنگی و چەندین هێزی دیکەی گوازراوەی ئاسمانی لە ڕۆژهەوڵاتی ناوەڕاست جێگریکردوون، درێژکردنەوەی مانەوەی ئەم هێزانە فشاری لەسەر ئەندامان و خێزانەکانیان دروست کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، مانەوەی هەندێک لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 9 مانگەوە بۆ 12 مانگی دیکە درێژکراونەتەوە، لە کاتێدایە هەندێک لە یەکەی سەربازی ماوەی ساڵێک زیاترە لە ناوچەکە جێگیر کراون.

سەرەڕای ئەم ڕێکارە نوێیانەی وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕۆژنامەکە زانیاری تایبەتی پێگەیشتووە کە ترەمپ لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی خۆی گفتوگۆی لەبارەی کۆتایی پێهێنانی جەنگ لەگەڵ ئێران کردووە، ترەمپ بە ڕاوێژکارەکانی گوتووە کە بڕوای وایە بەردەوامبوونی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران وڵاتەکە ناچار دەکات پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی هەڵبووەشێنێتەوە یان وڵاتەکە بەتەواوی بڕووخێت.

وەزیری جەنگی ئەمریکا پێشووتر ڕەخنەی لەسەر ماوەی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ گیرا بوو، دوای ئەوەی ژمارەیەک سەرباز بەهۆی خراپی دۆخی نێو کەشتی فرۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" هەوڵی خۆکوشتنیان دا بوو، هەروەها دوو ڕۆژ لەمەوبەر دان دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا دوای 18 مانگ لە کارکردن لە پۆستەکەی، داوای دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەشی ترەمپ کرد، ئەمەش دوای چەندین مانگ لە ناکۆکی و گرژیی بەردەوام لەگەڵ  پیت هێگسەس لەسەر سیاسەتی بەڕێوەبردنی هێزەکانی ئەمریکا.