دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لەگەڵ 10 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار، دوای سێ کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی، دواخرا.

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لە دادگای دووی سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تا 1:00ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو. ئەمە جاری چوارەمە لاهور تاڵەبانی لەسەر ئەم دۆسیەیە دەچێتە بەردەم دادوەر.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی پایتەخت میدیا، لەم دانیشتنەدا لە کۆی 12 دەستگیرکراوەکەی لالەزار، گوتەی شەش کەسیان لەلایەن دادگاوە وەرگیراوە و سەرجەم 12 تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن.

دانیشتنەکەی دادگا دوای سێ کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی دواخرا و ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو وادەی نوێ بۆ دانیشتنەکە دیاری دەکرێت.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کە سکاڵاکاری سەرەکی دۆسییەکەن، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا ئامادە نەبوون.