وەزارەتی تەندروستیی بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە شاری هەولێر دا، ئەم بڕیارە دوای گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 21 ساڵ دێت کە بەهۆی نەشتەرگەریییەکی نایاسایییەوە بووە.

 

ئه‌مڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ڕووداوەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگه‌یاند، پشکنینەکان دەریانخستووە کە هۆڵەکانی نەشتەرگەرییی ئەم نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی 6ـەوە بە فەرمی داخرابوون، بەڵام پزیشکەکان بە دەرگای نافەرمی چوونەتە ژوورەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، پزیشکی نەشتەرگەر مۆڵەتی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیە نەبووە و شوێنەکەش هۆڵی چاودێریی چڕی لێ نەبووە، ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پزیشکە سەرپێچیکارەکان ڕەوانەی دادگا کران بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایییان لە بەرامبەر بگرێتەبەر.

 

وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی داوە کە دەبێت تەواوی نەخۆشخانە و سەنتەرە ئەهلییەکان پابەندی ڕێنمایییەکان بن، هەر پزیشک یان کارمەندێک بەبێ مۆڵەتی فەرمیی وەزارەت کار بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی:

 

دوابەدوای گیان لەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەتی تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان (ئەهلی) لە شاری هەولێر، دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوونەوە سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی کرا، بە پێویستمان زانی بۆ ڕای گشتی ڕای بگەیەنین کەوا:

1- پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانێکی کارکردنی نییە لەو نەخۆشخانەیەدا.

2- نەبوونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوانی وەزارەتدا بۆ کارکردن لەم نەخۆشخانەیەدا.

3- ئەنجامدانی نەشتەرگەریی فریاکەوتن بەبێ بوونی بەشی فریاکەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێریی چڕ لەم نەخۆشخانەیەدا.

4- لەبەر نەبوونی سەلامەتیی نەخۆش و گونجاو نەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە، دوو مانگە و لە سەرەتای مانگی 6ی ئەمساڵەوە بە فەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دا خراون و بە بڕیار کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بە ڕێگەی دیکەی نافەرمی و بە شێوازی نایاسایی بە دەرگای دیکەی نافەرمیدا چوونەتە ژوورەوە و کاریان کردووە.

5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچیی بڕیاری وەزارەتیان کردووە و پابەند نەبوون، لە دەرەنجامدا نەخۆش گیانی لەدەست داوە.

 

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەیەک لە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دا دەخات و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی ڕەوانەی دادگا دەکات بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

 

لێرەوە جارێکی دیکە ڕای دەگەیەنین کەوا پێویستە تەواوی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکانی کەرتی تایبەت پابەند بن بە کارکردن بەپێی مۆڵەتی بەرکار، پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بە فەرمی ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستییدا هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکەن. بە پێچەوانەوە سەرپێچیی یاساییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر ڕێکارەکانی دادگا.

 

بەڕێوەبەرایەتیی پشکنین و بەدواداچوون

وەزارەتی تەندروستیی

2ی ئەیلوولی 2026