ناوچە کوردییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر کاریگەریی قەیرانێکی قورسی دارایی و خزمەتگوزاریدان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی پەکخستووە.
ئەمڕۆ میدیاییە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ 24 کاژێر لە قامیشلوو گەیشتووەتە 45 دۆلاری ئەمریکی، ئەم گۆڕانکارییە دوای ڕاگرتنی دابەشکردنی سووتەمەنی لە دەڤەری جەزیرە دێت، خاوەن مۆلیدەکان ناچارن سووتەمەنی گران لە بازاڕی ڕەش بکڕن.
هاوکات لەگەڵ قەیرانی کارەبا، کێشەیەکی دیکەی گەورە لە پارێزگای حەسەکە سەری هەڵداوە، بازاڕەکان بەدەست نەبوونی لیرەی نوێی سوورییەوە دەناڵێنن، لیرەی کۆن لە دەستی هاوڵاتییاندا ماوەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری دوکانداران و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو بەهۆی کەمیی ژێرخانی بانکییەوە ڕەتی دەکەنەوە وەریبگرن.
لە بازاڕی عەزرا لە قامیشلوو مانگرتنی گشتی ڕاگەیەندراوە، بەرهەمی نانیش لە شارۆچکەی عامودا بەهۆی فرۆشتنی ئارد بە دراوی نوێ بە ڕێژەی 83٪ دابەزیوە، ڕاپۆرتە داراییەکان دەریانخستووە، هێشتا 85٪ـی پارەی نەقدیی ناو بازاڕەکانی ناوچە کوردییەکانی سووریا لیرەی کۆنە و تەنها 15٪ی دراوی نوێیە.
کەمیی لقەکانی بانکیی ناوەندی و پەککەوتنی سیستمە داراییەکان لە حەسەکە و دەوروبەری، پرۆسەی جێگرتنەوەی دراوەکەی بە تەواوی سست کردووە، خەڵکی کەم دەرامەت ناتوانن لە ناوەندە کەمەکانی گۆڕینەوەی دراو پارەکانیان بگۆڕنەوە، ئەمەش کێشەیەکی جیددی بۆ دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانە دروست کردووە.