داهێنانێکی نوێی پزیشکی لە زانکۆی ئیلینۆی ئەمریکا ڕێگە خۆش دەکات بۆ پشکنینی وردی شێرپەنجە و نەخۆشییە گوازراوەکان لە ناو ماڵەوە.
سەنتەری توێژینەوەی شێرپەنجە لە زانکۆی ئیلینۆی بڵاویکردەوە، زانایان ئامێرێکی دەستی نوێیان بە ناوی (ڤیپۆدۆ) دروست کردووە، ئەم ئامێرە قەبارەکەی هاوشێوەی پیستۆکی ئەیرپۆدە، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە توانای پشکنینی هاوکاتی نموونەی نەخۆش و نموونەی کۆنتڕۆڵی هەیە بۆ بەراوردکردنی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر.
بەپێی تاقیکردنەوەکانی زانکۆکە، ئامێرەکە دەتوانێت نیشانەکانی نەخۆشی شێرپەنجە و ڤایرۆسی زیکا، ئایدز و باکتریای ستافیلۆکۆکۆس دەستنیشان بکات، ئامێری ڤیپۆدۆ بە هێزی تیشکی فلۆرۆسەنت کار دەکات، توانای گواستنەوەی داتاکانی هەیە بۆ مۆبایلی زیرەک لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە.
هان کین لی، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکییان لەم توێژینەوەیە هێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پشکنینی شێرپەنجەیە بۆ ناو ماڵەکان بە تێچوویەکی کەم، ئامێرەکە یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خێرا و بەردەوام، هەروەها ڕێگە خۆش دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێشوەختە پێش تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکان.
پشکنینی تاقیگە باوەکان پێویستیان بە کاتێکی زۆر و ئامێری گەورەی گرانبەها هەیە، ئەمەش زۆرجار ڕێگرە لە وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە لە کاتی خۆیدا، پڕۆژە نوێیەکەی زانکۆی ئیلینۆی لە لایەن پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.