لە میسر بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 16 کەس گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان خەڵكی بیانین و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی میسر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاسێک لە پارێزگای سینا لە میسر وەرگەڕا، بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستدا کە 10یان ئوردنین و 28 کەسیش برینداربوون، هەروەها 20 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراوە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی پێویست.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ناوچەیەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە بە شوێنێکی گەشتیاری و ژینگەی سروشتی و ڕێڕەوی شاخاوی ناسراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوەندی کۆکردنەوەی گشتی و ئامار ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە میسردا زۆرن، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی شەش هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانەوە لە سەرانسەری وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە.