دەستەی دەستپاکی عێراق تێکشکاندنی تۆڕێکی گەورەی ساختەکاری لە لقی بانکی خانووبەرەی پارێزگای بابل ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل تۆڕێکی پێکهاتوو لە 11 تۆمەتباریان ئاشکرا کردووە، لە نێویاندا شەش فەرمانبەری بانکەکە و پێنج ڕاپەڕێنەری مامەڵەکان هەن، کە دەستیان لە ساختەکردنی 56 دۆسیەی قەرزی بانکی خانووبەرەدا هەبووە، هەروەها دەستکاری ڕەسەنایەتی زەوی و زار و بەڵگەنامەکانی کڕین و فرۆشتنیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکان بە بەکارهێنانی پسوولەی ساختەی پارەدان، بارمتەی سەر خانووبەرەکانیان لاداوە و قیستەکانیان بەبێ دانەوە دواخستووە، ئەوان هەمان خانووبەرەیان بۆ وەرگرتنی قەرزی دیکەی دەستپێشخەریی بانکی ناوەندی بەکار هێناوەتەوە، تەنانەت داوای پارەیان لەو هاوڵاتییانەش کردووە کە پێشتر بەتەواوی قەرزەکانیان دابوویەوە.
هێزەکانی دەستەی دەستپاکی لە کاتی گەڕان و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر چەندین مۆر، پسوولە، بڕێکی زۆر پارەی کاش و زێڕدا گرتوو کە بووەتە هۆی بەفیرۆدانی 543 ملیۆن و 168 هەزار دیناری عێراق، تا ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەوت تۆمەتبار جێبەجێ کراوە، هاوکات دادوەر بڕیاری داوە سەرجەم دۆسیە ئەسڵییەکان لای بەڕێوەبەری بانکەکە بپارێزرێن.
بانکی خانووبەرە یەکێکە لە دامەزراوە داراییە گرنگەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقی، ئەم بانکە پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەتەوە بەهۆی گومانی گەندەڵی ساختەکاری لە دابەشکردنی قەرزەکانی نیشتەجێبوون.